سایتی زیکرەکان ماڵپەڕێک بۆ سەرجەم زیکرەکانی ڕۆژانەو شەوانە لە قورئان و سوننەتدا بە نوسین و دەنگ

نەوەدو نۆ ناو لە ناوە پیرۆزەكانی خوای گەورە

أغسطس 23, 2022

 الله: پەروەردگارو پەرستراوی شایستەی پەرستراوێتی بەسەر هەموو دروستكراوەكانیەوە، كۆكەرەوەی مانای سەرجەم ناوە جوانەكان و سیفەتە بەرزەكانیەتی، بە ملكەچی و خۆشەویستییەوە دەیپەرستن.

الأوّل: سەرەتایەو پێش هەموو شتێكە بەبێ‌ سنور و سەرەتایەك نییە بۆ بوونی، هەموو شتەكان جگە لەو لە نەبوونەوە هاتۆتە بوون.

الآخِر: كۆتایەو دوای تیاچوونی دروستكراوان هەر دەمێنێت و كۆتایی بە بوونی نایەت، لە دوای هەموو شتێكەوەیە بە بێ‌ كۆتایی، كۆتاو مەبەست و جێ‌ نیازی دروستكراوانە.

الظاهِر: لەسەرو هەموو شتێكەوەیەو زاڵە بەسەر هەموو شتێكدا، بەتواناو گەورەو ئاشكرایەو كەس لە سەروو ئەوەوە نییە، هەموو شتێك لە كەس و سیفات لە بەرامبەر گەورەیی ئەودا بچوكن.

الباطن: بە چاوان نابینرێت بەلأم لە خەڵكەوە نزیكەو ئاگاداریانە، زانایە بە ڕووی ناوەوەی شتەكان و ئاگادارو نزیكە بە شاراوەو نهێنییەكان.

العَليّ: بڵندە بە زاتی خۆی لەسەر مەخلوقاتەكانی و لەسەر عەرشە.

الأعلی: لە هەموو بڵندو بەرزییەك بەرزترە، سیفەتەكانی بەرزترین سیفەتە، بە توانای خۆی بەرزو زاڵە بەسەریاندا، وە سیفاتی بەرزو تەواوو بێ‌ نوقسانییە و كەس لە سەروو ئەوەوە نییە.

المُتَعال: بەرزە بەسەر هەموو دروستكراوانییەوە بە زات و تواناو دەستەلأتی، هەموو شتێك زەلیلە لە بەردەم بەرزی ئەوداو هیچ شتێك لەسەروی ئەوەوە نییەو هەمووی لە ژێر دەستەلأتی ئەودایە، زۆر گەورەیە لە درۆی درۆزنان و پاكە لە وەسوەسەی سەرگەردانان.

العَظیم: مەزن و گەورەیە لە زاتیدا، وە خاوەنی گەورەیی و شكۆیە لە موڵك و دەستەلأتیدا، سیفەتی گەورەو تەواوی هەیەو كەس شیاو نییە وەك ئەو بە گەورە دابنرێت.

المَجید: خاوەنی شكۆی مەزنە، سەرجەم سیفاتەكانی گەورەو فراوانەو هیچ نوقسانییەكی تێدا نییە.

ألكَبیر: سیفاتەكانی گەورەو شكۆدارە، لە هەموو شتێك گەورەترو مەزنترە، لە دڵی بەندە ڕاستەكانیدا گەورەو مەزنەو دڵیان پڕە لە بە گەورە دانان و ملكەچی بۆی.

السّمیع: زۆربیسەرە، بیسەری سەرجەم دەنگەكانی جیهانی سەروو خوارو، نهێنی و ئاشكرایە، وە ئیحاطه ی سەرجەم دەنگەكانی داوە، زۆری دەنگەكان و جیاوازی زمانەكانی لێ تێكەڵ نابێت، وە بیسەری وەلأمگۆی ئەو كەسانەیە كە دەپاڕێنەوەو داوای لێ‌ دەكەن.

البَصیر: زۆر بینەرە، هەموو شتێك دەبینێت، بینینی ئیحاگهی هەموو بونەوەرو مەخلوقاتی داوە، بینینێك شایستەی گەورەیی خۆی بێت، بچوك و گەورەیان دەبینێت.

العَلِیم: زانایەو زانستی ئیحاطه ی هەموو شتەكانی داوە لە ئاسمانەكان و زەویدا، زانایە بە ئاشكراو نهێنی و رابووردوو ئێستاو داهاتوو ئەوەش كە نەبووەو ئەگەر ببوایە چۆن دەبوو هیچی لێ‌ وون نابێت.

الخَبیر: ئاگادارەو زانستی ئیحاطه ی داوە بەنهێنی و شاراوەی شتەكان، هەروەك ئاگادارە بە ئاشكراو ڕواڵەتیان.

الحَمید: سوپاسكراوە لەبەر زاتی بەرزو ناوی پیرۆزو سیفاتی تەواو و كردارە پڕ لە حیكمەتەكانی لە خۆشی و ناخۆشیدا، سەراپا دروستكراوان سوپاسی دەكەن، هەر ئەو شایەنی شوكرو سوپاسە.

العَزیز: هەموو دەستەلأت و عیززەتێ‌ شایستەی ئەوە، بۆ ئەوە عیزەتی هێزو دەستەلأت، هیچ كەس لە مەخلوقات ناتوانێت دەستی بیگاتێ‌، بە گەورەیی خۆی دروستكراوانی ژێربارخستووەو ملكەچی كردوون و پێویستی بە كەس نییەو بە بێ‌ فەرمانی ئەو هیچ نابێت.

القَدیر: زۆر بەتوانایە، بەتوانای خۆی دروستكراوانی بەدیهێناوەو ڕێكی خستوون و توندوتۆڵی كردوون.

القادِر: بە زانستی خۆی تەقدیری هەموو شتەكانی كردووەو خەلقی كردووە، بە توانایە بە ویست و دەستەلأتی خۆی و ماندووبوونی بەسەردا نایەت.

المُقْتَدِر: زۆر بەتواناو دەستەلأتە، هیچی لێ‌ عاسی و قورس وگران نییە.

القَویّ: بەهێزو زاڵ و عەزیزە، كەس زاڵ نابێ‌ بەسەریداو كەس ناتوانێت رەدی قەزاو بڕیاری بكاتەوەو كەس ناتوانێت لە دەستی هەڵبێت، هەرگیز لە كاتێك لە كاتەكاندا بێ‌ دەستەلأتی بەسەردا نایەت، تەواوی هێزی ڕەهای هەیە.

المَتین: خاوەنی هێزی توندو زاڵە، زۆر بەهێزەو هەرگیز هێزەكەی نابڕێت و تەواو نابێت و لە كردارەكانیدا ماندوویەتی بەردا نایەت.

الغَنیّ: دەوڵەمەندی تەواوو ڕەهایە لە هەموو ڕوویەكەوە، هەموو دروستكراوان موحتاجی ئەون، بەلأم ئەو هیچ پێویستی بە كەس نییە.

الحَكیم: كاربەجێیە لە بەدیهێنانی مەخلوقاتدا، كاربەجێیە لە شەرع و فەرمانیدا و هەڵە ناكات، هیچ كارێك ناكات بە هەوانتەو بێ‌ بوونی ماناو بەرژەوەندی و حیكمەتێك.

الحَلیم: زۆر بە حیلمە، نیعمەتە ئاشكراو نهێنییەكانی ڕشتوە بەسەر بەندەكانیدا لەگەڵ سەرپێچی و تاوانیشیان، بە حیلمە بەرامبەر سەرپێچی سەرپێچیكاران، مۆڵەتیان دەدات تا بگەڕێنەوە، حیلمی ئەهلی كوفرو فسوق و عیصیانیشی گرتۆتەوە و خێرا ناكات لە سزایان و مۆڵەتیان دەدات تا بگەڕێنەوە.

العَفوّ: لێبوردەو لێخۆشبووە، گوناهان دەسڕێتەوەو لە گوناهباران دەبوورێت ئەگەرچی شایستەی سزاشن، لێبوردەیە لە كاتی ئەنجامدانی تاوانێك لە بەندەكانییەوە بە تایبەت ئەگەر كارێك ئەنجام بدەن ببێتە هۆكاری لێبوردن وەك: پەشیمانی و استغفار.

الغَفور: گوناهپۆش و لێخۆشبووە، بەردەوام لە تاوان خۆش دەبێت و تەوبەی تەوبەكاران قبوڵ دەكات، وە سزای زۆر كەسیان نادات مادام هاوبەشی بۆ بڕیار نەدەن.

الغَفّار: زۆر گوناهپۆشی بەندەكانێتی، نهێنی بەندە ئاشكرا ناكات خەڵكی بیبینن و پەردەی لەسەر لانابات بەوەی سزای بدات و ئەو كەسە لەبەرچاویان ئاشكرابێت.

التّوّاب: زۆر تەوبە وەرگرە، بەردەوام تەوبەی تەوبەكاران وەردەگرێت و لە گوناهی پەشیمان بووان خۆش دەبێت، تەوبە وەرگرە بە تەوفیقدانی كەسەكە بەرەو تەوبەو دڵ وەرگێڕانیان بەرەو پەشیمانی، وە تەوبە وەرگرە دوای تەوبە كردنیان بە قبوڵ كردن و لە گوناه خۆشبوونیان.

الرّقیب: پارێزەری مەخلوقاتەو ئاگادارە بە چاوتروكاندن و ختوورەی دڵ و وورد و درشتی هەموو كردارەكان، ئاگادارە بەوەی لە دەروندا شاراوەیە، پارێزەری مەخلوقاتەو لەسەر جوانترین و تەواوترین نیزام ڕایگرتوون.

الشّهید: ئاگادارە بە هەموو شتێك و هیچی لێ‌ وون نابێت، ئاگادارو شاهیدە لەسەر كرداریان و پارێزەری ووتەكانیانەو ئاگادارە بە نهێنی و ووردەكاری كردەوەكانیان و هیچی لێ‌ شاراوە نییە، وە شایەتی تەنهایی و دادپەروەری خۆیەتی و شایەتی راستگۆیی ئیمانداران و پێغەمبەران و مەلائیكەتەكانەو شایەتە لەسەر كردەوەكانیان.

الحَفیظ: پارێزەری چاودێری كردەوەی بەندەكانە كە چییان كردووە لە چاكەو خراپەو هەمووی لە (لوح المحفوظ)دا نوسیوەو مەلائیكەتەكانی نوسەری لەسەر بەندەكان داناوە، هیدایەتدەرو پارێزەری بوونەوەرو مەخلوقات، وە پارێزەری بەندەكانە بە گشتی لەو زیانانەی ناخۆشە لایان، بە تایبەتیش بەندە گوێڕایەڵەكەی دەپارێزێت لە تاوان و كوفرو تیاچوون و دوژمن، پارێزگاری لە دروستكراوانی دەكات بە دەستەلأتی خۆی.

اللَّطیف: بەبەزەیییە، ئاگادارە بە ووردەكاری و نهێنی شتەكان، بە رەحمی بێ‌ سنووری خۆی بەخشینی خۆی و بەرژەوەندی دەگەیەنێتە بەندەكانی لە ڕێگایانێكەوە كە ئەوان هەستی پێ‌ ناكەن، بەنارەحەتی تاقییان دەكاتەوە لە كاتێكدا رێگای خۆشبەختیانی تیایەو نایزانن.

القَریب: نزیكە لە هەموو دروستكراوەكانیەوە بە گشتی بە زانست و ئاگاداربوون و بینینی بۆیان، وە نزیكە لە ڕەگی لامل، وە نزیكییەكی تایبەت لە خواپەرستان ئەویش نزیكی خۆشویستن و سەرخستن و پشتیوانی و وەلأمدانەوەو گیرابوونی دوعایە، لەگەڵ ئەوەشدا بە زاتی خۆی لەسەر عەرشە.

المـُجیب: وەلأمدەرەوەی پاڕانەوەو داواكاری و قبوڵكاری پەرستشی بەندە وەلأمدەرەوەكانیەتی، دوعاو داوای هەموو كەسێك بە گشتی وەردەگرێت كە لێی بپارێتەوە، وە بە تایبەتیش پاڕانەوەی كەسی پێگیراوو ئەو كەسانەی لە كات و شوێنی گیرابووندا دەپاڕێنەوە وەلأم دەداتەوە.

الۆدود: خۆشەویستی خۆش ویستراو، پێغەمبەران و پیاوچاكان و بەندە بڕوادارەكانی خۆشدەوێت، ئەوانیش تەواوی خۆشەویستیان بۆ ئەوە، هەروەها خۆشویستراوی شایستەی ئەوەیە بە تەنها هەموو خۆشەویستییەك بۆ ئەو بێت و بەلای بەندەوە ئەوی لە هەموو خۆشەویستانی خۆشتر بووێت.

الشّاكِر: سوپاسكارە، كۆششی كردارێك لەبەر ئەو كرابێت بە زایە نادات بگرە زیادی دەكات، هەرشتێك لەبەر ئەو وازی لێ هێنرابێت باشتری پێ دەبەخشێتەوە، سوپاسی زانستی پاكی بەسوودی كەم دەكات و لە هەڵخلیسكانی زۆر دەبوورێت.

الشَّكور: شوكری بەندەكانی بە پاداشت وەلأم دەداتەوە، لە گوناهی زۆر دەبورێت و سوپاسی كرداری كەم دەكات و زیادی دەكات و قبوڵی دەكات و پاداشتی بێ حیسابی دەداتەوە.

السَیِّد: گەورەی دروستكراوان و سەردارو سەرپەرشتیارو خاوەن و نێوچەوان بەدەستی بەندەكانەو خاوەنی فەرماندانە، هەموو بەندەی ئەون، بۆ لای ئەو دەگەڕێنەوەو كار بە فەرمانی ئەو دەكەن، بۆ چاوتروكانێكیش بێ‌ نیازنین پێی.

الصَّمَد: دەستەلأتداری تەواو بەتواناو جێ‌ نیازی سەراپای بوونەوەرو بەندەكانە، لە هەموو پێویستییەكانیاندا بە زەلیلی و هەژارییەوە موحتاجی ئەون، پەروەردگاری سیفات تەواوی گەورەیە، هیچ سیفەتێكی كەمالێتی نیە ئیلا هەیەتی، ئەو دەڵەمەندەو هەموو بوونەوەر هەژارن بۆ لای ئەو.

القاهِر: سەراپا بوونەوەرو دروستكراوانی زەلیل و ژێربارخستووە، هەموو دروستكراوان گەردنكەچ و زەلیلی دەستەلأت و ویستی ئەون، هیچ شتێك نابێت بەبێ‌ ئیزنی ئەو.

القَهّار: گەردنكەچكەری هەموو جیهانیانی سەروخوارە، بە تەنهایەو هەموو دروستكراوان گەردنكەچی عیززەت و هێزو توانای ئەون، بەندە خۆبەزلزانەكانی گەردنكەچكردوە بەسزای و هەموو دروستكراوەكانی ناچاركردووە بە مەرگ و مردن.

الجَبّار: خاوەن موڵك و گەردنكەچكارو بەرزو بڵندی دوور لە نوقسانییە، بڵندە لەسەرو مەخلوقاتەوە، ڕێكخەری كاروبارە، گەردنكەچكەری بەندەكانیەتی لەسەر ئەو ئەمرو نەهییەی ئەو دەیەوێت، دڵی دڵشكاوان دەداتەوەو هەژاران دەوڵەمەند دەكات.

الحَسِیب: هەموو پێداویستی دونیاو قیامەتی بەندەكانی دابین كردووەو بەسە بۆ بەندەكانی بە گشتی لە بەدەستهێنانی سوودو دوركەوتنەوە لە گرفت و زیانەكانیاندا و بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی پشتیان بەو بەستووە، وە پارێزەری كردەوەی چاك و خراپی بەندەكانەو زاناو ئاگادارە، پاداشتدەرەوەی چاكەو خراپەی بەندەكانە بە پێی حیكمەت و زانستی بە ووردەكاری كردەوەكانیان.

الهادی: ڕێنمایی كارو ڕێ‌ پیشاندەری بەندەكانیەتی بەرەو هەموو جۆرە سوودمەندییەكان و دوورخستنەوەیان لە زیانەكان، ڕێنمایی كاری دروستكراوان و هیدایەتدانیانە بەرەو كاریان، هیدایەتی تەوفیق و ئیلهامیان دەدات بەرەو تەقوا.

الحَكَم: فەرمانڕەوایە لە نێوان بەندەكانیدا لە دونیاو قیامەتدا بە دادپەروەری، فەرمانڕەوایە بە هەق، فەرمانڕەوای بوونەوەری قەدەری و فەرمانڕەوای دینی و شەرعییە و قورئانی دابەزاندووە بۆ ئەوەی بێتە حوكمێك لە نێوان بەندەكانیدا، وە فەرمانڕەوای پاداشت و سزایە لە قیامەتدا.

القُدُّوس: گەورەو پاكە لە هەموو عەیبێك، پاكە لە منداڵ و هاوەڵ، پاكە لە هەموو جۆرە خراپەو ناتەوای و كەموكوڕی و عەیبێك كە شایستەی ئەو نەبێت. تەنها ئەو كامڵەو وێنەی نییە.

السَّلام: پاك و سەلامەتە لە هەموو عەیب و نوقسانی و لێكچونی بە مەخلوقێك، چونكە لە زات و سیفات و كرداریدا تەواوە، وە سەرچاوەی سەلامەتی و ئەمینییە، هەركەس بە دوای سەلامەتیدا بگەڕێت لە غەیری ئەو نایدۆزێتەوە.

البَر: چاكەكارە لەگەڵ دروستكراوەكانیداو كاریان چاك دەكات، چاكەكارە لەگەڵ چاكەكاراندا بە زیادكردنی پاداشت و لەگەڵ تاوانبارانیشدا بە لێبووردن، چاكەی زۆرە بەسەر مەخلوقاتەوەوە بە نیعمەتە ئاشكراو پەنهانەكانی.

الۆهّاب: زۆر بەخشندەیە، بەسەخاوەتەوە دەبەخشێت بە بێ‌ پاداشت و هەق بۆ كردنەوەیەك لە بری شتێك، بەخشینی لە جۆرەكانی بەخششەكانیدا ڕەنگی دەوەتەوەو هەموو بوونەوەی گرتۆتەوە بە پێی حیكمەتی و بێ‌ داواكردن.

الرَّحْمن: بەڕەحمە، ئەمە سیفەتی زاتی خوایە، فراوانترە لە (الرحیم) بەرانبەر هەموو دروستكراوان لە دونیاو دوارۆژدا بە ڕەحمەو هاووێنەی نییە، دروستكراوانی دروستكردووەو رۆزیداون و لە موڵكیدا مۆڵەتی داون، ئەم ناوە تایبەتە بە خوای گەورەوەو نابێت كەس بەوەوە ناو بنرێت.

الرّحیم: ئەمە سیفەتی فیعلی خوایە، بەڕەحمە بەرانبەر بە ئیمانداران بە تایبەت لە دونیاو قیامەتدا، هیدایەتی داون بەرەو یەكخواپەرستی و پەرستش و لە قیامەتدا ڕێزیان لێ‌ دەگرێت بە بەهەشت.

الكَریم: زۆر بەخشندەو خاوەنی چاكەی زۆرە، نیعمەت دەبەخشێت بێ‌ داوای هەق بۆ كردنەوە، لە گوناه خۆشدەبێت و تاوانبار دەپۆشێت، پاكە لە نوقسانی، بە هەمووان دەبەخشێت بەبێ‌ جیاوازی.

الأكَرم: سیفەتی زاتی خوایە، لە هەموو كەس بەخشندەترە، سەرچاوەی خێرو زۆر چاكە كردنە، كەس لەسەرو ئەوەوە نییەو بێ‌ نوقسانییە، كۆكەرەوەی چاكەو بەخشین و سوپاسە، هەموو چاكەو تەواوییەكی بێ‌ ئەژماری تێدایەو هاووێنەی نییە.

الرَّۆوف: فراوانترە لە (الرَّحمة)، بەبەزەیی و بە ڕەحمە، نیعمەتەكانی لە هەموو ڕوویەكەوە چێژلێوەرگیراوە، بەلأم (الرَّحمة) ئەگونجێت لە ئێستادا ئازاری لەگەڵدابێت بەلأم سەرەنجامەكەی چێژە.

الفَتّاح: دەرووكەرەوە، دادوەری نێوان بەندەكانییەتی بە هەق و دادپەروەری، دەروكەرەوەی دەرگاكانی رەحمەت و رزق و دەرگا داخراوەكانە لە بەندەكانی، سەرخەری ئیمانداران و ستەم لێ‌ كراوانە.

الرّازق: زۆر ڕۆزی دەرە بە گشتی بۆ هەموو زیندەوەران بە گەیاندنی هەموو پێویستییەكی بژێویو ژیان و ئەندازەی بۆ داناوە پێش دروستكردنیان، وە بە تایبەتیش رۆزی دەری بەسوودو بەردەوامە لە دونیاو قیامەتدا، رۆزی دەری دلأنە بە زانست و ئیمان، وە لاشە بە حەلأڵ.

الرَّزّاق: رۆزی دەری ڕاگری هەموو نەفسەكانە بە ڕۆزیدانیان، ڕۆزی دان و بەزەیی هەموو دروستكراوانی گرتۆتەوەو كەسیانی تایبەت نەكردووە پێی.

الحَـي: زیندووی تەواوو بەردەوام و هەرماوە، كە هەرگیز مردن و نەمانی بەسەردا نایەت، سەرەتاو كۆتایی نییە، تەواوی ژیان و  هەموو سیفەتە زاتییەكانی خوای گەورە لە خۆدەگرێت، وەك زانست و عیززەت و تواناو ویست و گەورەیی... تەواوی ژیان ئەو دەیبەخشێت.

القَیّوم: ڕاوەستاوە بە زاتی خۆی، سیفەت بەرزە، راگری خۆیەتی و پێویستی بە مەخلوقات نییە، وە ڕاگرو تەدبیركاری زەوی و ئاسمانەكان و سەراپای بوونەوەرو دروستكراوانەو هەموو پێویستیان بەوە، لە دروستكردن و فەرمان كردن و ڕێكخستندا.

الرَّبّ: پەرستراوو خاوەن و پەروەردگاری هەموو بەندەكانە بە سەرپەرشتی كردن و تەدبیركردن و هەموو جۆرەكانی نیعمەت بەسەردا ڕژاندن، بە تایبەتیش پەروەردگاری ئیماندارانە بە چاككردنی دڵ و ڕۆح و ڕەوشتیان.

المَلِك: خاوەن و دەست ڕۆیشتووی ڕەها لە دروستكردن و فەرمان و سزادا، خاوەنی ئەمرو نەهییە، كەس لەسەرو ئەوەوە نییە، خاوەنی هەموو شتەكانەو موتەسەریفە تیایدا بەبێ‌ بەرهەڵستی، بوونەوەر هەموو موڵكی ئەوە، هەموو بەندەو خاوەن پێویستین بەو، خاوەنی فەرمان و نەهی كردنە.

المَلِیك: پاشای گەورەو دروستكەری بەدەستەلأت و خاوەنی ڕەهایە.

الواحِد: یەك، تاكی گەردنكەچكەرە، هەموو شتەكان ژێربارخراوی گەورەیی و توانای ئەون.

الأحَد: تەنهایە لە هەموو سیفەتەكانی گەورەیی و جوانی و تەواوەتیدا، تەنهایە لە پەروەردگارێتی و پەرستراوێتی دا، بێ‌ هاووێنەو هاوەڵە لە موڵكیداو بەرهەڵست و مونازعی نییە.

المُتَكَبِّر: خاوەنی گەورەیی و دەستەلأت، پاك لە هەموو خراپەو ناتەواوییەك، خۆبەگەورەگرە بەسەر بەندە سەركەشەكانیدا كاتێ‌ لەگەورەییدا ڕكابەری و مونازەعەی دەكەن و پشتیان دەشكێنێت، خۆگەورەگرە لە ستەم كردن لە بەندەكانی و دوورە لەسیفەتی مەخلوقاتی، گەورەو مەزنەو هەموو شتێك جگە لەو بچوكە.

الخالِق: داهێنەرو بەدیهێنەری دروستكراوانە لەسەر وێنەیەك كە پێشتر نەبووە، تەقدیری كردووە پێش بەدیهێنانیان.

الخَلاّق: زۆر دروستكارو بەدیهێنەرە، مەخلوقات و بەدیهێنراوەكانی زۆرن، لە ساتێكدا بە ملیۆنەها مەخلوقات دێنێتە بوون.

الباڕی‌ء: بەدیهێنەرو داهێنەرە لە نەبوونەوە، دروستكراوەكانی جیاكردۆتەوە لەیەكتر لە شێوەیاندا، مرۆڤیشی لە گڵ دروست كردووە.

المُصوِّر: شێوەكێشی ئەو شتەیە كە دەیەوێت بەدیبهێنێت لەسەر ئەو شێوەو سیفەتەی ویستی لێیەتی بە پێی حیكمەتی خۆی، شێوەداڕێژو وێنەكێشی هەموو دروستكراوێكە لەسەر ئەو وێنەیەی كە لەسەری بەدیهێناوە، هەر دانەو لەسەر وێنەیەكی تایبەت بە خۆیان.

المُؤمِن: بە ڕاست دانەری دڵنیاكارو ئەمینكارە، ڕاستی خۆی دەسەلمێنێ‌ و ستایشی خۆی دەكات بە یەكپەرستراوی و سیفاتی، وە بەراست دانەری پێغەمبەران و شوێنكەوتوانیانەو بەڕاست دانەری بەندە ئیماندارەكانیەتی لە قیامەتدا، دروستكراوەكانی ئەمین دەكاتەوە لە ستەم لێ‌ كردنیان، وە ئەمین بەخشە بە ئیمانداران لە دونیاو قیامەتدا.

المُهَیمِن: ئاگاداری زانای چاودێرە بەسەر بەندەكانییەوە لەوەی كە دەیڵێن و دەیكەن لە نهێنی و شاراوەیاندا، زاڵ و سەرپەرشتیكارو هەڵسوڕێنەری كارو ئەجەلی بەندەكانییەتی.

المُحیط: ئاگادارو زانایە، تواناو بینین و بیستن و ڕەحمەت و دەستەلأتی سەراپا دروستكراوەكانی گرتۆتەوەو ئیحاگهی داوە، بە زانستی ئیحاگهی هەموو شتێكی داوەو ئەژماری كردووە.

المُقیت: بژێوگەێن، بژێوی گەیاندۆتە هەموو دروستكراوەكان و ڕۆزی داون بە حیكمەتی خۆی بەڕێی كردوون، ئاگادارو بە تواناو پارێزەرە بەسەریانەوە.

الۆكیل: كار پێسپێردراو و خاوەن و چاودێرو سەرپەرشتیارو هەڵسوڕێنەری كاری دروستكراوەكانیەتی، بە گشتی بە زانست و دەستەلأت و توانای تەواوو حیكمەتی فراوان لە بەدیهێنان و ڕۆزی دان و ژیان ومردنیان، وە بە تایبەتیش سەرپەرشتیارو پارێزەرو پشتیوانی دۆستانیەتی بەرەو چاكە ڕێیان بۆ ئاسان دەكات و دەیانپارێزێت، وە هەركەس بە وەكیلی بزانێت دەیپارێزێت.

الكافی: سەرپەرشتیارو پارێزەری بەندەكانە بە گشتی بە رۆزیدان و سەرپەرشتیكاری كارو پێویستیانە، وە تایبەتیش بۆ ئیمانداران و ئەوانەی پشتیان پێی بەستووە بە چاودێری كردن و توفیق دان و سەرخستنیان.

الواسِع: سیفات فراوانە، گەورەیی و دەستەلأت و موڵك و چاكەوفەزڵی فراوانە، ڕۆزی دانی سەراپا دروستكراوەكانی گرتۆتەوە، بەزەیی هەموو شتێك و دەوڵەمەندكردنی هەموو هەژارێكی گرتۆتەوە.

الحَقّ: حەقە لە زات و سیفاتیدا، بوونی حەقەو بێ‌ گومان و زانراوەو سیفاتی تەواووە، حەقە لە پەروەردگارێتی و پەرستراوێتی و كرداریدا، پەرستنی حەقەو پەیمانەكانی حەقە.

الجَمیل: جوانە لە زات و ناوو سیفات و كردارەكانیدا، هەموو جوانی دروستكراوەكانی لەوەوەیە، هیچ عەبدێك ناتوانێت تەعبیر لە هەندێ‌ لە جوانییەكانی ئەو بكات.

الرَّفیق: بەبەزەیی و هێدی و لەسەرخۆیە لە كردارەكانی و لە شەرعیدا، دروستكراوانی دروستكردووە بە پلەپلەیی بە پێی حیكمەتی لەسەرخۆیی خۆی.

الحَیي: بەشەرمە بەو جۆرەی شایستەی ئەو بێت، دوورە لەو شتانەی گونجاو نییە لەگەڵ فراوانی ڕەحم و فراوانی بەخشندەیی و گەروەیی لێبوردنیدا، لە تەواوی دەستەلأت و بەخشندەییەوە شەرم دەكات عەبدەكەی فەزح بكات، یان سزای ئەو كەسە بدات مووی سپی بووە لە ئیسلامدا، یان دەستی دوعاكار بە بەتاڵی بگەڕێنێتەوە.

السَّتیر: فەزحی بەندەكەی ناكات لە كاتی تاوان كردنیانداو پەردەی داپۆشین دەدات بەسەریدا، عەیب پۆشین و فەزح نەكردنی پێخۆشە.

الإله: پەرستراوی شایستەی پەرستن، هیچ پەرستراوێك نییە شایستەی پەرستن بێت بە هەق جگە لەو، بە خۆشەویستی و گەڕانەوەو بە گەورەگرتن و لێ‌ ترسانەوە دەپەرسترێت، كۆكەرەوەی سیفەتە بەرزەكانیەتی، بنچینەی ناوی(الله)یە.

القابِض: بە دادپەروەری و پێوانە رزق و ڕۆزی و نەفس و ڕۆحەكان دەگرێتەوەو تەسكی دەكاتەوە لەسەر هەر كەسێك خوای گەورە خۆی ویستی بێت بە حیكمەتی خۆی.

الباسِط: فراوانكاری ڕزق و رۆزی و ڕەحمەت و دڵەكانە، رزق ورۆزی فراوان دەكات لەسەر ئەو كەسەی خۆی ویستی بێت. دەرگای تەوبەی كراوەیە بۆ تاوانباران.

المُعطی: بە ڕەحم و حیكمەتی بەخششە بێ‌ سنوورەكانی خۆی دەبەخشێت، گرەوە نییە لەوەی ئەو دەیبەخشێت و بەخشەر نییە لەوەی ئەو دەیگرێتەوە، لە دنیادا بە گشتییەو بەخششی فراوانەو هەموو بێ‌ باوەڕو ئیماندارێكی گرتۆتەوە، بەلأم لە قیامەتدا تەنها بە ئیمانداران دەبەخشێت.

المُقدِّم: پێشكەوتووی پێشخەرە(سیفەتی زاتی و كردارییە)، بە حیكمەتی خۆی پێشخەرە لە دروستكردنی مەخلوقاتداو بە شەرعیش وەك پێشخستن و فەزڵدانی پێغەمبەران و هەندێك لە عەبدەكانی بەسەر هەندێكی تریاندا بە رەحمەتی خۆی.

المُۆخِّر: (سیفەتی زاتی و كردارییە) كۆتایەو دواخەری ئەو شتەیە كە ویستی لێیەتی بە تواناو ویست و حیكمەتی خۆی، سزای بەندەكانی دوا دەخات هەتا تەوبە بكەن.

المُبین: ڕۆشن و ئاشكرای ڕۆشنكەرەوەیە، لە ڕوانگەی بەڵگەكانەوە ئاشكراو دیارە لە بوون و تەنهایی لە پەروەردگارێتی و پەرستراوێتی و ناوو سیفاتیدا، ڕۆشنكەرەوەی ڕێگای هیدایەت و ئەحكامەكان و ئەو كردارانەیە كە بەندەكان شایستەی پاداشت و سزا وەرگرتن ئەبن لەسەری.

المَنّان: زۆربەخشندە، بەخششەكانی زۆرە، بە بێ‌ داواكردن نیعمەتی خۆی دەبەخشێت، ژیان و عەقڵ و بیستن و بینین و ڕواڵەت و نیعمەت و لەش ساغی و ئەمن و رزق و هیدایەتی بەخشیوە، منەتكردنی بەسەر مەخلوقاتدا تەواوی نیعمەت و چێژو لەزەتی تێدایە.

الۆلی: سەرپەرشتیارو پارێزەری كاروباری بونەوەرو دروستكراوانە، لە هەموو كاروباریاندا بەندەكان ڕووی تێ‌ دەكەن بە عیبادەت و چاكەكردن، وە سەرخەرو پشت و پەنای ئیماندارانە بە تایبەت لە تاریكییەكانەوە دەریان دێنێت بۆ ڕووناكی، وە پشتیوانییان دەكات بە تەوفیق دان و سەرخستن و سەرپەرشتی كاری پاداشت و سزایانە لە قیامەتدا.

المَولی: خاوەن و سەردارو دروستكاری مەخلوقات و سەرپەرشتیارو پەرستراوی بە هەقیانە، خۆشەویست و پشتیوان و سەرخەرو تەوفیقدەری ئەوانەیە كە گوێڕایەڵی دەكەن.

النَّصیر: سەرخەرو پشتیوانی بەندە ئیماندارەكانییەتی، سەرخەری ئەوانەیە شەرعەكەی جێبەجێ‌ دەكەن و دینەكەی سەردەخەن و پشتیوانیان دەكات و هۆكارەكانی سەركەوتن و دامەزراوێتیان پێ‌ دەبەخشێت.

الشّافي: شیفادەری ڕاستەقینەی نەخۆشیەكانی دڵ و لاشەیە، شیفادەری مەعنەوی و ڕۆحییە لە نەخۆشییەكانی دڵ و گومان و ئارەزوو، وە شیفادەری ماددییە لە نەخۆشییەكانی لاشە، شیفاش تەنها لای ئەوە.

مالِكُ المُلك: خاوەنی هەموو موڵك، تەواوی موڵكی دونیاو قیامەت هی ئەوە، پاشاو هەڵسوڕێنەرو تەدبیركاری هەموو دروستكراوانی ئاسمان و زەویە، بە كردارو فەرمان بەڕێوەی دەبات.

جامِعُ النّاس: كۆكەرەوەی خەڵك و كردەوەو رۆزییانە، مردوانی پەرتەوازەو ڕزیوی پرتوكاوی سەرەتاو كۆتایی دونیا بە تواناو دەستەلأت و زانستی فراوانی كۆدەكاتەوە لە ڕۆژی دواییدا، وە پاداشتی كرداری چاك و خراپیان دەداتەوە.

نُورُ السَّموات والأرض: ڕووناك كەرەوەی ئاسمانەكان و زەوییە، هەموو تاریكییەكان و جیهان سەراپا بە نووری ڕووی ئەو رۆشن بووەتەوە، دڵ و ڕۆحەكان بەو نوورەی ئەو ناردویەتی (كە قورئان و سوننەتە) ڕۆشن دەبێتەوە.

ذو الجَلالِ والإكرام: خاوەنی گەورەیی و مەزنی و رەحمەت و بەخشش و چاكەیە بە گشتی بۆ دروستكراوان، وە بە تایبەتیش ڕێزگیراوی ڕێزگری ئیمانداران و دۆستانی و ئەو كەسانەیە بە گەورەی دەگرن و خۆشیاندەوێت، خاوەنی چاكەو نیعمەتی زۆرە.

بَدیعُ السَمواتِ والأرض: دروستكارو بەدیهێنەری ئاسمانەكان و زەوییە لەو پەڕی جوانی و سەرنجڕاكێشی و نیزامی سەرسووڕهێنەرو پتەویدا.

بەشداربە
مافی بڵاوكردنەوی بۆ هەموو كەسێكە... سەرپەرشتیارانی: سایتی زیکرەکان 2019 ©