سایتی زیکرەکان ماڵپەڕێک بۆ سەرجەم زیکرەکانی ڕۆژانەو شەوانە لە قورئان و سوننەتدا بە نوسین و دەنگ

چەند تێبینییەك دەربارەی زیکر کردن

أغسطس 23, 2022

 برای خۆم، بزانە كە قورئان زیكرە و گەورەترین زیكره، خوای گەورە دەفەرموێ‌: [وَمَنْ أَعْرَضَ عَنْ ذِكْرِي فَإِنَّ لَهُ مَعِيشَةً ضَنْكًا وَنَحْشُرُهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَعْمَى]. (طه: 124)

واتە: ئەوەیش ڕوو وەربگێرێت لە بەرنامەو یادی من پشتی تێ بكات، بێگومان بۆ ئەو جۆرە كەسانە ژیانێكی ترش و تاڵ و ناخۆش پێش دێت، لە ڕۆژی قیامەتیشدا بەكوێری حەشری دەكەین.

وە نوێژ كردن زیكره، خوای گەورە دەفەرموێت: [ياأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا نُودِيَ لِلصَّلَاةِ مِنْ يَوْمِ الْجُمُعَةِ فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّهِ وَذَرُوا الْبَيْعَ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ تَعْلَمُونَ].(الجمعە:9)

واتە: ئەی ئەوانەی باوڕتان هێناوە كاتێ كە بانگ درا بۆ نوێژ لە ڕۆژی هەینیدا، ئێوە بە پەلە بچن بەدەم یادی خواوەو واز لە كڕین و فرۆشتن بهێنن، چونكە ئەو كارەتان چاكترە بۆتان ئەگەر بزانن و تێبگەن.

هەروەها پاڕانەوەو صڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) زیكرهو فێركردنی خەڵكی لە زانستی شەرعی زیكرهو زۆربەی هەڵس و كەوتەكانی تری ڕۆژانەش زیكری تایبەتی هەیە.

1- هەموو زیكرێك تەواونییە تا بە زوبان نەوترێت و دەرنەبڕدرێت، بەجۆرێك خۆی بیبیستێ‌ ئەگەر بیستنی تەواو بوو.

2- یادكردن(ذیكر)ی خوای گەورە بەدڵ و زوبان چاكترە لە یادكردنی خوا تەنها بەدڵ، وە یادكردنی خوا تەنها بەدڵ چاكترە لە یادكردنی خوا تەنها بە زوبان، وە پێویستە كەسی زیكركەر مانای ئەو زیكرانه بزانێ‌و داڵغەی لەلای بێ‌.

ئیبن القیم (ڕەحمەتی خوای لێ‌ بێت) فەرمویەتی: چاكترین و بە سوودترین جۆری زیكر ئەوەیە كە دڵ و زمان بەشداربن تیایداو لە زیكرەكانی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بێت و ئەو كەسەی زیكرەكە دەكات ئاگای لە ماناو مەبەستەكەی بێت. الفوائد ص247.

3- زۆر جار چاك وایە لەكاتی زیكركردندا بیپچڕێت‌و دوایی بچێتەوە سەری لەبەر چەند هۆیەكی گرنگ، وەكو وەڵام دانەوەی سڵاوكەرێك یان یەكێك پژمی و ووتی (الحمد لله) پێویستە وەڵامی بداتەوە بە (ێرحَمُكَ الله) یان وەڵام دانەوەی تەلەفۆن…

 4- لەش گران‌و ئافرەتی بێ نوێژو زەیستان (الحائضة والنفسا‌ء) دەتوانی بەدڵ‌و زوبان زیكر بخوێنێ‌‌و جائیزە وەكو تەسبیحات‌و پاڕانەوە….

5- خوێندنی قورئان ئەگەر ئایەتێك یان چەند ئایەتێك بێت دروست نییە لەسەر لەش گران‌و ئافرەتی بێ‌ نوێژو زەیستان. بەڵام ئەگەر زیكرێكی دەخوێندو لە زیكرەكەدا ئایەتێك یان زیاتری تێدابوو ئەوە دروستە بەمەرجێ‌ مەبەستی سوننەتەكە بێت.

6- زیكركردن لە هەموو كاتێكدا چاكەو جائیزە تەنها لە چەند كاتێكی تایبەتدا نەبێت، وەكو كاتی سەرئاوكردن یان كاتی جیماع یان كاتی گوێگرتن لە وتاری هەینی یان كاتی خەواڵویی.

7- ئەگەر دەمت پاك نەبوو ئەوا بەئاو پاكی بكەرەوە. وە ئەگەر تامی گۆڕابوو ئەوا بەسیواك پاكی بكەرەوەو ئینجا زیكر بخوێنە، چونكە زیكركردن یان قورئان خوێندن بەدەمی ناخاوێنەوە مەكروهە بەڵام حەرام نییە، وە لە شوێنێكی پاك و بە دەست نوێژەوەو بە شێوەیەكی خشوع دانیشە ئەگەر كرا.

8- زیكری خوا لە هەموو حاڵەتێكی لەشداو بەهەموو شێوەیەك جائیزە. ئەگەر بەوەستانەوە بێت یان دانیشتن یان ڕاكشاوی یان بەڕێگاوەو بەڕۆیشتن یان بەسواری، خوای گەورە دەفەرموێت:

[الَّذِينَ يَذْكُرُونَ اللَّهَ قِيَامًا وَقُعُودًا وَعَلَى جُنُوبِهِمْ..].(ا‌ل عمران: 191)

واتە: ئەوانەی یادی خوا دەكەن لەكاتێكدا كە بەپێوەن یان دانیشتوون یان ڕاكشاوون (لە هیچ حاڵەتێكدا یادی ئەو زاتە فەرامۆش ناكەن).

9- ئەگەر بۆ كاتێك یان شوێنێكی دیاری كراو چەند زیكرێك هاتبوو لە فەرموودەی صەحیح دا: ئەوا چاك وایە هەرجارەو یەكێكیان بووترێ‌، چونكە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وای كردووە، وە چاك وایە خوو نەگرین بە دانەیەكیانەوە، تا لە خێرو پاداشتی هەموویان بێ‌بەش نەبین.

بەشداربە
مافی بڵاوكردنەوی بۆ هەموو كەسێكە... سەرپەرشتیارانی: سایتی زیکرەکان 2019 ©